کورته ژیانی خوالی خوش بوو مه لا عه بدولکه ریمی موده رریس
ساعت ۱٠:۱٥ ‎ب.ظ روز جمعه ۱ آبان ۱۳۸۸   کلمات کلیدی:

مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌رریس

مێژووی ڕه‌وتی شارستانی مرۆڤایه‌تی له هه‌ر ووڵاتێک، هی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، له قۆناغه‌ جیاجیاکانی مرۆڤایه‌تی، ژماره‌یه‌ک مرۆی هه‌ره مه‌زن ده‌ووری زێده کاریگه‌ری له دروست کردنیدا ده‌گێڕن، به‌ده‌گمه‌ن جارێکی دیکه‌ وێنه‌ی ئه‌و چه‌شنه مرۆیانه له‌هه‌ر بوارێکی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌لتووری، ڕامیاری، نه‌ته‌وه‌یی... هتد دروست بێته‌وه، که گه‌وره‌ترین به‌رژه‌وه‌ندی به‌ نه‌ته‌وه‌که ‌و مرۆڤایه‌تیان گه‌یاندووه‌و هه‌رگیزاو هه‌رگیز واتا تا دنیا مابێ ئه‌و جۆره پیاوانه له‌ناو ویژدانی زیندووی نه‌ته‌وه‌‌که‌یان، نیشتمانه‌که‌یان، بگره مرۆڤایه‌تیش هه‌ر ده‌مێنن.

دیاره یه‌کێ له پیاوه هه‌ره مه‌زن و بلیمه‌تانه‌ی کورد، جه‌نابی "مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس"ه، که نووسه‌ر و زانایه‌کی هه‌ره گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌مه .. که زیاتر له 60 په‌رتووکی زێده به‌نرخی ئایینی و وێژه‌ی و کۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوکردۆته‌وه، هه‌ر هه‌مووشیان ده‌چنه خانه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی هه‌مه‌لایه‌نی، خوایی و دونیایی، که بریتین له ته‌فسیری قورئان به‌شێوه‌یه‌کی ئێجگار فراوان و به‌‌زمانی کوردی و عه‌ره‌بی، هه‌روه‌ها ساغکردنه‌وه‌ و شیکردنه‌وه‌ی چه‌ندین شاکاری شیعری مه‌زنی کلاسیکی کوردی، نموونه‌ی "مه‌وله‌وی، نالی، مه‌‌حوی، فه‌‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ندی...هتد".

"مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس" له به‌هاری ساڵی 1901دا له گوندی ته‌کیه‌ی سه‌ر به‌شارۆچکه‌ی خورماڵ‌ هاتووه‌ته دنیاوه ‌و ناوی ته‌واویشی "عه‌بدولکه‌ریم محه‌مه‌د فه‌تاح‌"ه‌ و سه‌ره‌تای خوێندنیشی به قورئان و په‌رتوکه ئایینییه‌کان ده‌ستپێکردووه و ساڵی 1913یش سه‌ره‌تاکانی "نه‌حو سه‌رف"ی خوێندووه‌، له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیشدا له‌مزگه‌وتی مه‌ڵکه‌ندی شاری سلێمانی نیشته‌جێبووه‌و ده‌ستی به‌خوێندنی په‌رتووکی "شه‌رحی جامی" کردووه‌ و دواتر چووه‌ته مزگه‌وتی "مه‌لا محه‌مه‌د ئه‌مین بالیکه‌ده‌ر"ی و له ساڵی 1924یشدا له ئاهه‌نگێکی فراواندا له‌شاری سلێمانی مۆڵه‌‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتووه.

له‌ساڵی 1960یشدا له مزگه‌وتی "شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی" له‌به‌غدا به‌ناونیشانی "موده‌ریس" دامه‌زراوه‌، زیاتر له 50 فه‌قێ له‌سه‌رده‌ستی مۆڵه‌تی زانستییان وه‌رگرتووه، هه‌ر له‌و کاته‌وه به‌بێ‌ پشوودان خه‌ریکی وانه‌وتنه‌وه بووه له زانسته‌ شه‌رعی و وێژه‌ی و عه‌ره‌بییه‌کاندا. مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس چه‌‌ندین په‌رتووک و به‌رهه‌می وه‌ک نووسینه‌وه‌ی ژیان و به‌سه‌رهات و شیعری چه‌‌ندین شاعیری وه‌ک "مه‌ولانا خالید" و "شێخ عوسمان و سه‌راجه‌دین"ی بڵاوکردووته‌وه، هه‌روه‌ها چه‌‌ندین شیعریشی له‌ژێر نازناوی "نامی" بڵاوکردووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ڕۆڵێکی گرنگی هه‌بووه له به‌کوردیکردنی فیقهی ئیسلامی و ته‌فیسری قورئانی پیرۆز و ته‌جویده‌که‌یدا.

نموونه‌ی ژماره‌یه‌ک له په‌رتووکه به‌نرخه‌کانی به‌زمانی کوردی ئه‌مانه‌ن: یادی مه‌ردان و دووبه‌رگ، بنه‌ماڵه‌ی زانیاران، ژماره‌یه‌ک په‌رتووک له باره‌ی شه‌ریعه‌ت و ئیسلامه‌وه، کۆمه‌ڵه‌ شیعری فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ند، ته‌فسیری نامی حه‌وت به‌رگ، مه‌کتوباتی کاک ئه‌حمه‌دی شێخ چوار به‌رگ، عه‌قیده‌ی مه‌رزیه‌ی مه‌وله‌وی، دیوانی نالی، دیوانی مه‌وله‌وی، دیوانی مه‌حوی و چه‌ندین په‌رتووکی دیکه به‌زمانی کوردی و عه‌ره‌بی و فارسی نووسیوه‌و بڵاویکردۆته‌وه.

دیاره جه‌نابی مامۆستا "مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش به زانایه‌کی گه‌وره ناسرابوو و خاوه‌ن فتوای ئایینی بووه، بۆیه چه‌ندین ساڵ‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی "رابطه علماء العراق"ی به‌ده‌سته‌وه گرتبوو، له‌وه‌ش گرنگتر له‌م ساڵانه‌ی دوایی 3 هه‌زار زانای ئایینی سوننی ڕێڕه‌و که له هه‌موو پارێزگا‌کانی عێراق هاتبوون و له به‌‌غدا کۆبوونه‌وه‌، به‌بێ به‌شداریکردن و ئاگاداری خۆی جه‌نابی مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مود‌ه‌ریس به سه‌رۆکی (الامانه العلیا للافتاء و التدریس و البحوث و التصوف) هه‌ڵبژێراو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باری ته‌ندروستی ناله‌باربووه ڕه‌تیکردبۆوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ک ئه‌ندامی کارای کۆڕی زانیاری عێراق - د‌ه‌سته‌ی کورد - بووه، هه‌روه‌ها باو‌ه‌ڕپێکراوی کۆڕی زانیاری وڵاتی ئوردون بووه.

که‌سایه‌تی گه‌وره‌ی ئایینی و ئه‌دیب و زانای گه‌له‌ی کورد مامۆستا "مه‌لا عه‌بدولکه‌‌ریمی موده‌ریس" له‌ته‌مه‌نی 104 ساڵیدا له‌ کاژمێر 12ی شه‌وی 29 له‌سه‌ر 2005.08.30 له شاری به‌غدای پایته‌ختی وڵاتی ئێراق کۆچی داوییکرد.